ناوی هۆزی مەنگوڕ لەچیەوە هاتووە ؟
سەبارەت بە چۆنیەتی پەیدابوون و دەرکەوتنی ناوی مەنگوڕیش چەندین بیر و بۆچوون و لێکدانەوە لەبەردەستدان .لەبارەی ناوی ( مەنگوڕ ) ەوە ، ئەوەیە کە ئەو ناوە بۆ ناوی دەڤەر (ناوچە) کە دەگەڕێتەوە ، و ناوەکە لەناوی جوگرافی ناوچەکەوە وەرگیراوە و دەگەڕێتەوە بۆ سەردەمی ( ماننایی ) کان و لەدوو بڕگەی وەک ( مەنـ + گوڕ ) یان ( مەنـ + گەوەڕ ) پێکهاتووە ، ( مەن )یان ( مانا) بەواتایی ( کیشوەر و وڵاتی مانایی ) و ( گوڕ ) یش بەواتایی ( هێز و دەسەڵات ) دێت بوونی چەندین شوێنەواری کۆنی سەردەمی ( مانایی ) یەکان وەک شوێنەوارەکانی ( فەقرەگا ) لەناوچەی موکریان و ( قەڵاتی شا پۆشتۆ ) لەدەڤەری مەنگوڕایەتی و ناوچەکەدا ئەو ڕاستیە دەسەلمێنن ، کە ناوی هۆزی مەنگوڕ لەناوی ناوچەکەوە بۆتە ناوی هۆزەکە .
بەو پێیەش ناوی ( مەنگوڕ ) بۆ سەردەمی ( ماننایی ) یەکان و ( میدییەکان ) دەگەڕێتەوە و بەواتایی ( کیشوەری بەهێز و دەسەڵات دێت ) بۆیە لەوەوە دەردەکەوێت کە ناوی هۆزی مەنگوڕ لەناوی ناوچەی نیشتەجێی هۆزەکەوە وەرگیرابێت .چونکە وەک ( جەلیل گادانی ) ئاماژەیی بۆ دەکات ، زۆربەی هۆزەکان بەناوی جوگرافیایی ئەو شوێنەوە ناونراون کە تێیدا نیشتەجێ بوون .
لێکدانەوەیەکی تر ئەوەیە کە لەنێو هەندێک ئەندامانی هۆزی مەنگوڕدا هەیە کەئەو بۆچوونە زیاتر لەشێوەی ئەفسانەدا دەردەکەوێت و ناوەکە بۆ یەکێک لەئەندامانی هۆزەکە دەگەڕێتەوە ، کەیەکێک لەئەندامانی هۆزی مەنگوڕ لەدانیشتنێکدا لەگەڵ یەکێک لە شا ی وڵاتی ئێرانی کۆن کە بۆ بەشێک لەهۆزە و قەومەکانی ئێران ڕێکیخستوە ، بەشداری دەکات شا ی ئەوکاتە بەتوڕەیی لێی دەپرسێت ( اسم شما چیست ) واتا ( ناوی تۆ چییە ؟ ) ، ئەویش زۆر بوێر و ئازایانە وەڵامی دەداتەوە و دەڵێت ( من گوردم ) واتا ( من پاڵەوانم ) پاشان لەکاتی گفتوگۆکەیاندا چەند جارێک شا ڕوودەکاتە ئەو ئەندامەی هۆزی مەنگوڕ و پێی دەڵێت ( من گورد راه شما چیست ؟ ) واتا ( من گورد بۆچوونی تۆ چییە ؟ ) لێرەوە هۆزی مەنگوڕ لەناو هۆزەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان و ئێراندا بە هۆزی ( من گورد ) ناسراوە واتا ( هۆزی پاڵەوان ) ، بەتێپەڕبوونی کات ناوی ( من گورد ) بۆتە ( مەنگوڕ ) ، ئەوە لەکاتێکدا ئەو بۆچوونە خۆجێی و ناوچەییە وە لاوازە پشتاوپشت لەناو بەشێک لەئەندامانی هۆزەکەدا هاتووە ، نەدەزانرێت لەسەردەمی دەسەڵاتی کێدا ڕوویداوە ، نە لەسەرچاوە و بەڵگەنامە ئێرانیەکاندا پشتڕاستکەوەتەوە ، هەر بۆیەش ئەو بۆچوونە زیاتر لەشێوەی ئەفسانە و سەربووردەی مێژوویی ناو هۆزەکەدا خۆی دەبینێتەوە .
ناوی مەنگوڕ لەلایەن ڕۆژهەڵاتناس و بەڵگەنامەی وڵاتانی دەوروبەر بە دوو شێوەی جیاواز تۆمار کراوە ڕۆژهەڵاتناسی ئینگلیزی ( کلۆدیوس جیمس ڕیچ ) مستەر ڕیچ لەسەرەتاکانی سەدەی نۆزدەهەم لەساڵی ( ۱٨۲۱ ) ی زایینی لەگەشتەکەییدا بەناوچەکانی کوردستان ناوی ( مەنگوڕ ) ی بە ( مەنزوور ) تۆمارکردووە . لەکاتێکدا ( خوڕشید پاشا ) لەیاداشتەکانیدا بەناوی ( سیاحتنامە حدود ) دا ، لەناوەڕاستی سەدەی نۆزدەهەم ناوەکەی بەشێوەی ( مەنگوڕ ) تۆمارکردووە . هاوکات لەساڵی ( ۱۹۱۹ ) ی زایینیدا لەیەکێک لەڕاپۆرتەکانی حاکمی سیاسی بەریتانیادا لە عێراق کە بۆ وڵاتەکەی ناردوویەتی ناوی ( مەنگوڕ ) ی بەشێوەی بەشێوەی ( مەنزوور ) هێناوە . هەروەها ( مارک سایکس ) ی سیاسەتمەداری بەریتانی لەسەرەتای سەدەی بیستەم ناوەکەی هەر بەشێوەی ( مەنگوڕ ) بەکارهێناوە ، بەشێوەیەگی گشتی گەیشتن بەبۆچوونێکی دروست لەنێو ئەو بۆچونانە ڕەنگە تاڕادەیەکی زۆر قورس بێت چونکە وەک ( نەوشیروان مستەفا ئەمین ) دەڵێت ئەم ناوانە هەرچەند لێکدانەوەی بۆ بکرێت هێشتا ناگەیە مەبەستێکی . سەلمێنراو ..."بەهۆی ون بوونی بنەچە زمانەوانیەکەیەوە
هەروەها بۆ یەکلاییکردنەوەی وەها کێشەیەک ، پێویستەخوێندنەوەی واتا و مانای ناوی ( مەنگوڕ ) لەڕێگەی ئیتیمۆلۆژی و زانستی خوێندنەوەی زمانەکان و ناسینی ڕیشەی ناوەکان و ئاشنابوون بە مێژووی ناوچەکە و ناسینی زمانەکانی هاوسێوە بێت . بۆیە یەکلاییکردنەوەی یەکێک لەو بۆچونانە پێویستە بەڵگەی شوێنەواری و مێژووی هەبێت ، ئەمە لەکاتێکدا بەشێک لەو بۆچونانەی سەرەوە پاڵپشتی شوێنەواری و مێژووییان نییە و زیاتر لەشێوەی گریمانەدا خۆیان دەنوێنن .
تکایە بۆچوونی خۆتان (ڕەخنە-پێشنیارە)کانتان سەبارەت بە بابەتی خوێندراو بۆ بنێرن! Tel:00989146310566